حوكمی دابەشكردنی سەروەت و سامان بەسەر میراتگراندا، پێش گیان سپاردن

Oct 17 2025

پرسیار:

من کەسێکم کە خودا بە ماڵ و سامان منەتباری كردووم، زۆر بە وریایی مامەڵەم لەگەڵ حەڵاڵی و جێبەجێکردنی مافەکانی خودا کردووە تیایدا... ئەمڕۆ دەمەوێت پێش مردنم سەروەت و سامانەکەم بەسەر میراتگرە شەرعییەکانمدا دابەش بکەم کە سێ کوڕ و سێ کچن. ئایا ئەمە ڕێگەپێدراوە؟ ئەگەر ڕێگەپێدراو بێت، شێوازە قبوڵکراوەكەی لە شەرعدا چییە؟ تکایە یارمەتیمان بدەن، خودا پاداشتی خێرتان بداتەوە.

وەڵام:

یەکەم: ئەسڵ وایە کە سەروەت و سامان لە لای خاوەنەکەی بمێنێتەوە هەتا ئەوكاتەی خودا گیانی دەستێنێت، پاشان بەپێی دابەشكاری شەرعی، بەسەر میراتگراندا دابەش بكرێت. ئەمە دوای دانەوەی قەرزەکان و بەئەنجام گەیاندنی هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە وەسیەتەوە هەیە و لە سنووری یەک لەسەر سێی سامانەكەیدایە.

دووەم: بەڵام کاتێک خاوەنەكەی ترسی لە ناکۆکی یان شتی لەو شێوەیە هەبێت، هیچ ڕێگرییەکی شەرعی نییە لەوەی کەسێک بەپێی شەرع سەروەت و سامانەکەی بەسەر میراتگرە شەرعییەکانیدا دابەش بکات. ئەویش بەم مەرجانەی خوارەوە:

أ‌- پێویستە بەشێک، یان ڕێژەیەک لە سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆی بهێڵێتەوە بۆ پێداویستییەکانی، لەوانەیە لە داهاتوودا وا ڕووبدات پێویستی پێی ببێت، وەک ڕوودانی هاوسەرگیری یان نەوە خستنەوە، کە لە ڕێگەیەوە قەرەبوویان بکاتەوە لەم دابەشکردنە.
بە بڕوای من، ئەمە دەبێت لە سنووری ٣٠%ی کۆی سەروەت و سامانەکەی بێت، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانێت بۆ خۆی و ئەوانەی دەیانەوێت خەرج بکات و وەسیەتیش لەو بڕە بكات، بەڵام وەسیەت لێرەدا لە سنووری یەک لەسەر سێی ئەم ڕێژەیە دەبێت چونکە زۆربەی سەروەت و سامانەکەی پێشتر دابەش کردووە.

ب‌- باشتر وایە پێش دابەشکردن، بەشێک لە سەروەت و سامانەکەی وەسیەت بکات بۆ کاری خێرخوازی، جا بڕێکی دیاریکراو بێت یان بەردەوام، چونکە مافی ئەوەی هەیە لە سنووری یەک لەسەر سێی کۆی سەروەت و سامانەکەی وەسیەت بکات، لێرەدا ئەمە باشترە لەو بەشەی کە لە بڕگەی (أ)دا باس کراوە.

ج‌- پێویستە قەرزەکان و وەسیەت لەم سەروەت و سامانە کەم بکرێنەوە، پاشان دابەشکردنەکە بەپێی دابەشکردنی شەرعی ئەنجام بدرێت، لە نموونەکەی ناو پرسیارەکەدا، دابەشکردنی شەرعی بەم شێوەیەیە: کۆی سەروەت و سامانەکەی جگە لەوەی کە لە بڕگەکانی (أ - ب)دا هاتووە، بکرێتە نۆ بەش، سێ کوڕەکە هەریەکەیان دوو بەشیان دەبێت کە دەکاتە شەش بەش، و هەر کچێکیش یەک بەشی دەبێت، کە دەکاتە سێ بەش.

د‌- پێویستە ئەم دابەشکردنە نەبێتە هۆی لەدەستدانی مافەکانی خودا وەک زەکات و شتی تر، بۆیە پێویستە سەرپەرشتیی زەکاتی ئەم سەروەت و سامانە بکات و خەرجی بکات تاوەکو میراتگران کەمتەرخەم نەبن تێیدا.

ه‌- هەروەها نابێت ئەم دابەشکردنە ببێتە هۆی لەدەستدانی مافەکانی کەسانی تر بە هیچ شێوەیەک.

و‌- نابێت مەبەست لەم دابەشکردنە هەڵهاتن یان فێڵکردن بێت و بیەوێت خۆی لە مافەكانی خودا یان مافی بەندەکان دەرباز بكات.

ز- نابێت هیچ میراتگرێک لەم دابەشکردنە شەرعییە دوور بخرێتەوە.

ح- ئەگەر ویستی ژنێکی تر بهێنێت، دەبێت ئەم دابەشکردنەی پێ بڵێت، بۆ ئەوەی وا گومان نەکات کە پارەیەکی زۆری هەیە، لە کاتێکدا ئەو بەسەر میراتگرەکانیدا دابەشی کردووە. یان ئەوەی پێ بڵێت کە سەروەت و سامانەکەی دابەش كردووە و سەروەت و سامانەكەی ئێستای بەم شێوەیە و بەو شێوەیەیە. ئەمە لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەی واجبە لە شەرعدا بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت هاوسەرگیری بکات.

هەر كەسێك فەتوا لە ئێمە وەردەگرێت، ئێمە ئامۆژگاری هەر کەسێک دەکەین لە خودا بترسێت و پابەند بێت بە دادپەروەری و چاکەوە.

خوداش زاناترە..


پ.د. عەلی موحیەدین قەرەداغی
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان