پ.د. عەلی قەرەداغی لە کۆڕێکدا تاوتوێی ڕەوتی گەشەپێدانی كرد لە جیهانی ئیسلامیدا

Dec 30 2025

پ.د. عەلی قەرەداغی لە کۆڕێکدا تاوتوێی ڕەوتی گەشەپێدانی كرد لە جیهانی ئیسلامیدا

دەوحە
یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٧ی کانوونی یەکەم، کۆڕێکی زانستیی ڕێکخست لەژێر ناونیشانی «ڕەوتی گەشەپێدان لە جیهانی ئیسلامیدا لە ماوەی سەد ساڵدا – دیدگایەکی ئیسلامی» . کۆڕەکە لە بارەگای سەرەکیی یەکێتییەكە لە دەوحە بەڕێوەچوو، ئەویش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە زانایان و توێژەران و زانستخوازان.

لە كۆڕەكەدا سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، ڕایگەیاند کە ڕەوتی گەشەپێدان لە جیهانی ئیسلامیدا لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی کەڵەکەبوو بووەتەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە كە زۆر پێویستە پێداچوونەوەی ئەو مۆدێلە گەشەپێدانانە بكرێن كە ئەمڕۆ پەیڕەو دەکرێن و گفتوگۆیەکی زانستی بكرێتەوە لەبارەی ئەو جێگرەوانەی کە زیاتر لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا دەگونجێن.

پ.د. عەلی قەرەداغی ئاماژەی بە بوونی گرفت کرد لە ژمارەیەک لە تیۆرییە ئابوورییە ڕۆژئاواییەکاندا کاتێک لە وڵاتانی ئیسلامیدا جێبەجێ دەکرێن، و ئاماژەی بەوەدا كە زیاتر سەرنجیان لەسەر ڕەهەندی ماددییە، لە بەرامبەردا چەمکی گەشەپێدانی گشتگیری لە ئیسلامدا خستەڕوو، کە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆحییەکان دامەزراوە.

کۆڕەکە لە ڕێگەی تێبینیی ئامادەبووانەوە، ژمارەیەک پرسی فیقهی و فیکریی خستە بەرباس، لەوانە ئەو پرسانەی پەیوەستن بە زەکاتی گیانەوەرە دەریاییەکان، و ڕەخنەگرتن لە تیۆریی گەشەپێدانی تاکڕەهەند، سەرباری گفتوگۆکردن لەبارەی ڕێبازی ئیمام غەزالی لە کتێبی "ئیحیا عولوم دین"دا.

ڕێکخستنی ئەم کۆڕە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی هزریدایە کە یەکێتییەکە ئەنجامی دەدات، بە ئامانجی تاوتوێکردنی پرسە هزرییەكان و گەشەپێدان لە جیهانی ئیسلامیدا و بەهێزکردنی گفتوگۆی زانستی.

پۆستی هاوشێوە