Jan 04 2026

نوواکشۆت، مۆریتانیا – بەڕێز پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی، بەشداری کرد لە ئاهەنگێكی قورئانی کە لە وڵاتی مۆریتانیا بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی خوێندنگای قورئانی "خیر الوری" ﷺ سازدرابوو. ئاهەنگەکە بۆ دەرچوواندنی 150 خوێنکاری قورئان لەبەرکەر و مۆڵەتپێدراو تەرخان كرابوو، کە وەک وێستگەیەکی زانستی و پەروەردەیی گرنگ ناوزەد كرا و ڕەنگدانەوەی پێگەیشتوویی ئەزموونی دامەزراوەیی قورئانییە لە وڵاتەکەدا.
لە وتارێکیدا، پ.د. عەلی قەرەداغی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستکەوتە تەنها بۆنە و ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو نیشانەیەكی ڕوونە بۆ گرنگیی وەبەرهێنانی درێژخایەن لە خوێندنی قورئاندا، کە سێ بنەمای بەیەكەوە كۆكردۆتەوە، لە لەبەرکردنی شارەزایانە و پێكهاتەی زانستی و ڕێككردنەوەی خووڕەوشت. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە ئەو شتەیە کە گەلی ئیسلام لە ئێستادا پێویستی پێیەتی لە سایەی گۆڕانکارییە هزرییە هەنووكەییەكان و ئاڵنگارییە بەهایەییەکاندا.
هەروەها پ.د. عەلی قەرەداغی دووپاتی کردەوە کە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز بە دەروازەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ دروستکردنی هۆشیارییەکی دروستی ئایینی. بەڵام وتیشی، بەهای ڕاستەقینەی هەڵگرانی قورئان لە توانایاندایە بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ئەو قورئانە لە واقیعدا و هەستان بە ڕۆڵی خۆیان لە فێرکردن و ڕێنماییکردن و ڕاستکردنەوەی تێگەیشتنەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی کۆمەڵگەکان لە توندڕۆیی و لادان و بۆشایی بەهاكان.
پ.د. عەلی قەرەداغی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە گەشەکردنی گەلی ئیسلامی بەبێ گەڕانەوەیەکی هۆشیارانە و سیستەماتیک بۆ کتێبی خودا نایەتە دی، چ لە ڕووی تێگەیشتن و چ لە ڕووی جێبەجێکردنەوە. جەختیشی کردەوە کە دامەزراوە قورئانییەكان بنەمایەکی ستراتیژین لە پڕۆژەی چاکسازیی شارستانیدا، بەهۆی ڕۆڵیان لە ئامادەکردنی مرۆڤێک کە دەتوانێت دوو شت بەیەكەوە كۆ بكاتەوە، مانەوە لەسەر بنەماكانی و کرانەوەی بەرپرسیارانە بەسەر سەردەمدا.
لەکۆتاییدا، پ.د. قەرەداغی ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی خوێندنگای قورئانی "خیر الوری" ﷺ ی کرد، لەئاست دە ساڵ کارکردنی بەردەوام و ئەو دەستکەوتەی کە بە دەرچوواندنی سەدان لەبەرکەر و مۆڵەتپێدراو بەدەستی هێناوە. ئەو ئەم ئەزموونە جۆرییانەی بە شایستەی پشتگیری و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوە زانی، وەک نموونەیەکی کرداری بۆ خزمەتکردنی قورئانی پیرۆز و بونیادنانی مرۆڤ لەسەر ڕێنماییەکانی ئەو قورئانە.